ئیسرائیل:ئەمریکا نایهەوێ هێزەکانی “قودس”ی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە لیستی گرووپە تێرۆریستەکان لاببا.
ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: دەوڵەتی جەو بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا بەردەوام خەریکی تاوتوێکردنی لابردنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانی ئەمریکا و هێشتنەوە هێزەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران کە لقی ئەو هێزەن لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەمریکایە.
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە، هەروەها وتیشی: وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهانیی لە ئێستادا بەهۆی داواکاری ئێران سەبارەت بەلابردنی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراو و گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا ڕاگیراوە.
هەرلەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی واشینگتۆن فری بیکێن، ڕۆژی ڕابردوو لە زاری بەرپرسانی ئەمریکایی لە کۆنگرەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: لە ئەگەری بڕیاری دەوڵەتی بایدن، سەبارەت بە دەرهاوێشتنی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکاندا، لانیکەم گەمارۆی سەر ٨٠ تا ١٨٠هەزار ئەندامی سپای تێرۆریستی پاسدارانی رێژیمی ئێران هەڵدەوەشێتەوە.