خەڵكی کوردستان بە درێژایی مێژوو بۆ وەدەستهێنانی مافە ئینسانییەکانی خۆی بە هەزاران ڕۆڵەی کردۆتە قوربانی، و بگرە لەوەش زیاتر ئاوارە و دەربەدەر و زیندانی بوون. هەرچەند زۆری و بەربڵاویی ئەو هەمووە قوربانییە دڵی هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر دەهەژێنێ، بەڵام مایەی سەربڵیندی و سەربەرزیی نەتەوەی کوردە، چونکی لەگەڵ ئەوەی خوێنی زۆری داوە، بەڵام نەشکاوە، سەنگەری خەباتی ڕەوای جێ نەهێشتوە وسەختییەکانی ژیان و کوێرەوەری و ماندووبوون هەنگاوی بە ڕێبوارانی ئەو خەباتە شل نەکردوە.
زۆر بە زەحمەت دەبینرێ نەتەوەیەک بەبێ قوربانیدانی ڕۆڵەکانی بە ئازادی گەیشتبێ، بەڵام لەسەر ئەو گۆی زەوییەش کەم نەتەوە هەیە بە قەت میللەتی کورد لەژێر ستەم و زۆڵمدا چەوسابێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەدڵنیایی نەتەوەی کورد سەر دەکەوێ، چونکی لاوی تێکۆشەر و خەباتکاری لێ نابڕێ. محەممەدئەمین مەعرووفی یەک لەو سەروەرانەیە کە لەدژی دوو ڕێژیمی پاشایەتی و ئیسلامی‌دا خەباتی کردوە و لە “هەگبەی شاخ و شۆڕش”ی ئەمجارەماندا یادی دەکەینەوە.
شەهید محەممەدئەمین مەعروفی ساڵی ١٣٠٥ لە شاری بانە چاوی بە دنیای ڕوون کردەوە. ئه‌و سه‌ره‌ڕای كه‌موكووڕییه‌كانی ژیان قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندنی بە تامەزرۆییەوە بڕی، بەڵام هەژاری و دەستەنگیی بنەماڵەکەی هەر ئەوەندەی بڕ کرد و ئەو ناچار بوو بۆ دەسخستنی بژیوی ژیان شانبەشانی خێزانەکەی کار بکا و ئارەقە بڕێژێ.
محەممەدئەمین لاوێکی ئێسکسووک، ڕووخۆش و جوامێر بوو، قسه‌ی ناحه‌قی له كه‌س قه‌بوڵ نه‌ده‌كرد و زوڵم و ستەمی ڕێژیمی پاشایەتی زۆر زوو بۆ لای کوردایەتی و خەباتی نەتەوایەتیی هێنا. بۆیە لە ساڵی ١٣٣٢دا بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و زۆر ماندوونەناسانە کاروچالاکیی خۆی لە ناوچەی بانە دەست پێ کرد و قۆڵی هاوکاریی لەگەڵ خەباتکارەکانی حیزبەکەی هەڵماڵی. دوای سەرکوتکردنی ڕاپەرینە پڕشکۆکەی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ی هەتاوی بۆ بووژانەوەی ڕێکخراوەکانی حیزب سەردانی کوردستانی عێراقی کرد و لەگەڵ کادرەکانی ئەوکات بەرنامەی بووژاندنەوەی خەباتیان داڕشت و پاش ماوەیەک گەڕانەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام لە درێژەی کار و نەسرەوتنەکانیدا دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیمی پاشایەتی پێیان زانین و دەسبەسەریان کردن. بەمجۆرە محەممەدئەمین بۆ ماوەی دوو ساڵ لە شاری ئیسفەهان خرایە زیندانەوە.
شەهید محەممەدئەمین لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران هیوا و گەشبینیی زۆری کەوتە دڵ و بە هاندانی خەڵک چالاکانە بەشداریی لە ڕێکخستنی ڕێپێوانەکانی دژی ڕێژیمی پاشایەتیدا کرد و هاوکات پێوەندیی خۆی لەگەڵ تێکۆشەرانی دێمۆکرات کە لە بەندیخانەکاندا بوون یان لە کوردستانی عێراقەوە گەڕابوونەوە، گرێ دایەوە. بە ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزب، پیوەندیی بە بەرپرسان و ڕێکخراوەکانی حیزبەوە گرت و لە ڕێکخستنەوەی و سازماندانی تەشکیلاتی حیزب و لە پێکهێنان و دروستکردنی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی بانە ڕۆلی باشی گێڕا. شەهید حەمەدەمین کە له ڕیزی پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستاندا جێی شیاوی خۆی وەرگرتبوو، به‌ڵێنی دابوو شه‌وی بخاته سه‌ر ڕۆژ و هه‌دا نه‌دا و نه‌سره‌وێ. ئه‌و ڕێچكه‌ی خه‌بات بۆ سه‌ربه‌ستیی مرۆڤایه‌تی گرتبووه به‌ر و، نیگای تاسه‌باری پیره‌پیاوانی پشتچهماو، ڕه‌نجه‌ڕۆیی دایكانی جه‌رگسووتاوی ڕۆڵه كوژراو، لیزمه‌ی فرمێسكی منداڵانی هه‌تیوی چاو له هه‌تاو، نیگای دڵمه‌ندی دڵدارانی چاوه‌ڕوان هانی ده‌دا كه كۆڵ نه‌دا و وره‌ی هه‌روا به‌رز و چیایی بێ.
شەهید محەممەدئەمین مەعرووفی لە یەکەم کۆنفرانسی کۆمیتە شارستانی بانەدا بوو بە ئەندامی کۆمیتە شارستان. ئەو وەک کادرێکی هەڵسووڕ لەنێو خەڵکدا دەهات و دەچوو و سیاسەتەکانی حیزبی تەبلیغ دەکرد. بە دەستپێکردنی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە زۆربەی مەئمورییەت و شەڕەکانی ناوچەی بانەدا بەشداریی کرد. پاشان بەرپرسایەتیی نیزامیی پێ ئەسپێردرا و وەک فەرماندەیەک نەخش و ڕۆڵی خۆی بەجێ گەیاند. عه‌مه‌لیاته‌كانی سه‌ر جاده‌ی سه‌قز-بانە، شەڕی گەردەنەی کەلیخان، عه‌مه‌لیاتی به‌رگری له شاری بانە و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی ڕێژیم له گوندی بۆیەن شایەتی هه‌ڵمه‌ت و حه‌ماسه‌كانی شێره‌كوڕانی دێموكرات و ئازایه‌تی و بهدستوبردیی ناوبراو بوون.
شەهید محەممەدئەمین له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رانی له‌سه‌ره‌خۆ و ڕووخۆش بوو، هه‌میشه له‌سه‌ر سیاسەتە دژیگەلییەکانی كۆماری ئیسلامی بۆیان ده‌دوا. له‌نێو خه‌ڵكدا فرە خۆشه‌ویست و ئازایه‌تیی ئەو هه‌میشه له‌سه‌ر زاری خه‌ڵك بوو. ئەو تایبەتمەندییانە بوونە هۆی ئەوە کە وەک فەرماندەری لک دیاری بکرێ و لەو مەسئوولییەتەش نیشانی دا كه به‌ڕاستی قاره‌مانی ئه‌و خاك و نیشتمانه‌یه، به جۆرێك کە دوژمن له ناوی شەهید محەممەدئەمین زراوی تۆقیبوو.
ڕۆژی ٢٢ی پووشپەری ساڵی ١٣٥٩ هێزه به‌كرێگیراوه‌كانی كۆماری ئیسلامی له شاری بانەوە بە پشتیوانیی سێ هێلیكوپتێر هێرشێكی به‌ربڵاویان بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموکرات له نزیك ئاوایی بۆیەن هێنا. پێشمه‌رگه‌كان زۆر ئازایانه به‌ره‌نگاری هێرشكه‌ران بوونه‌وه. له‌م شه‌ڕه‌دا محەممەدئەمینی قارەمان له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌دا بوو و له شه‌ڕێكی ٦ سه‌عاته‌دا جارێكی دیكه سه‌لماندی كه بەتەواو مانا شۆڕشگێڕه و له كووره‌ی خه‌باتدا قاڵ بووه. له‌و شه‌ڕه‌دا دەیان کەس له هێزی داگیركه‌ر كوژران و بریندار بوون و به ده‌یان قەبزە چه‌كوچۆڵ بەدەسکەوت گیرا. بەڵام به‌داخه‌وه محەممەدئەمینی مەعرووفیی زه‌حمه‌تكێش له‌گه‌ڵ سێ هاوسه‌نگه‌ری دیكه‌ی به‌ناوی حەسەن محەممەدپوور (سەرپەل)، مەجید سەرحەدی (پێشمەرگە) و جەلال قادرزادە (پێشمەرگە) كه‌وتنه به‌ر گولله‌ی دژی‌گه‌لییه‌كان و خوێنیان ڕژایه سه‌ر خاكی كوردستان و گیانیان له‌پێناو ئازادی و به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ دوژمنان‌دا به‌خشی.