لە ڕەوتی کاولکاریی سیستەماتیکی ژینگەی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی دگیرکەری ئاخوندی، مۆرەکانی ئەو ڕێژیمە دیسانیش هێرشیان کردەوە سەر دارستانەکانی شاری مەریوان.
ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی کاولکاری و تێکدانی ژینگە و ئێکۆسیستەمی کوردستان، لە ڕێگەی مۆرە و بەکرێگیراوانی خۆیەوە دیسان هێرشی کردەوە سەر ژینگەی مەریوان و زیانێکی زۆریان بە دارستان، لێرەوار و تەنانەت سەرچاوە ئاوییەکانی دەوروبەری ئەو شارە گەیاندووە.
لەم پێوەندییەدا ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بڵاوی کردووەتەوە کە مۆرەکانی ڕێژیم لە گوندەکانی “باخان”، “گەوێڵە” و “وشکەڵانـ”ـی سەر بە شاری مەریوان و چەند شوێنێکی تری دەوروبەری ئەو شارە داری دارستانەکان و بەتایبەت دارە بەتەمەنەکانیان بڕیوەتەوە و زیانێکی زۆریان بە دارستانەکان و ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.
هەروەها ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە؛ لەوانەیە یاسایەکی نەنووسراوە لە پشت ئەو خییانەت و تاوانانەوە بێت کە بەو شێوەیە، ئازادانە و بەبێ ترس ژینگەی کوردستان بەردەوام کاول دەکرێت و تەنانەت تەراکتۆر و کەرەستەگەلێکی تری لەو شیوەیەش بۆ کاولکاری و تێکدانی ژینگە و دارستانەکان بەکار دەهێندرێت.