واشینگتۆن فری بیکێن: لە ئەگەری بڕیاری دەوڵەتی بایدێن، گەمارۆی سەر ٨٠ هەزار ئەندامی سپای پاسداران هەڵدەوەشێتەوە.
واشینگتۆن فری بیکێن، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکایی لە کۆنگرەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: لە ئەگەری بڕیاری دەوڵەتی بایدێن، سەبارەت بە دەرهاوێشتنی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکاندا، لانیکەم گەمارۆی سەر ٨٠ تا ١٨٠هەزار ئەندامی سپای تێرۆریستی پاسدارانی رێژیمی ئێران هەڵدەوەشێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆنگرەی ئەمریکا کە بەدستی ڕۆژنامەی واشینگتۆن فری بیکێن گەیشتووە، دەوڵەتی بایدێن، تەنیا دەیهەوێت هێزەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران لە لیستی رێکخراوە تێرۆریستییەکاندا بهێلێتەوە و بەم جۆرە تەنیا ٢٠هەزار ئەندامی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیران گەمارۆیان لەسەر دەبێ.
هەر لەم پێوەندییەدا کۆمیتەی زانیارییەکانی کۆماریخوازەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەی ئەمریکا، خەریکی پەسەندکردنی گەڵاڵە بوودجەیەکە بۆ هێزی سەربازیی ساڵی داهاتووی ئەمریکا و لەو گەڵاڵەیەدا سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران وەکوو رێکخراوێکی تێرۆریستی بە فەرمی دەناسیندرێ و هاتنەدەرەوەی ئەو رێکخراوەیە لە لیستی ڕەشی رێکخراوە تێرۆریستییەکان، تەنانەت بە بڕیاری سەرۆککۆماری ئەمریکاش جێبەجێ نابێ.