ئاخوند ڕەئیسی: ئەرکی دەوڵەتی سێزدەهەم ئەوەیە کە بژاردەکان بۆ ئێران بگەڕێنێتەوە.
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕیژیم و بەڕێوەبەری دەوڵەتی سێزدەهەمی ڕێژیم لە دانیشتنی هاوفکری لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆکاندا بانگەشەی ئەوەئ کرد کە: “دەبێ لەگەڵ خوێندکار و بژاردەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکرێ کە سەبارەت بە داهاتووی وڵات هیوادارن بن تا بیر لە بەجێهێشتنی وڵات نەکەنەوە، بەڵکوو ئەوانەی کە لە دەرەوەی وڵاتیشن بگەڕێنەوە”.
ئەو قسانەی ناوبرا سەبارەت بە هەڵسوکەوتی شیاو لەگەڵ خوێندکاران و بژاردەکانی کۆمەڵگە لە کاتێکدایە کە هەنووکە بە دەیان کەس لە بژاردە و خوێندکارانی زانکۆ بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە بەندیخانەکانی ئەو ڕێژیمەدا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدان.
جێی ئاماژەیە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆچی بژاردەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و هەر لەو پێوەندییەدا ساڵی ڕابردوو بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمان لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم نیگەرانی خۆی لە کەمبوونەوەی پزیشک و کادری دەرمانی و کۆچکردنیان بۆ وڵاتانی دەرەوە کردبوو.
ڕێبەری ڕێژیم بەجێگای دۆزینەوەی هۆکار و ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو دۆخە، لە وڵامی بەجێهێشتن و هەڵاتنی مێشکەکان لە ئێران، ڕەخنەی لە مامۆستایانی زانکۆکان گرتبوو و وتبووی بەشێک لەو مامۆستایانە لە زانکۆکاندا، لاوەکان لە داهاتووی ئێران بێهیوا دەکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو کەسانە بیر لە ڕۆیشتن و بەجێهێشتنی وڵات بکەن.