کاک عەلائەدین عوسمانی، خەڵکی گوندی “قەسریک”ـی ناوچەی سۆمای برادۆست و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و ناسراوی ناوچەکە، لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک عەلائەدین عوسمانی کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و ناسراوی ناوچەی سۆمای برادۆست، لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو لە ناوچەکەدا خاوەن کەسایەتی و پێگەی تایبەتی کۆمەڵایەتی بوو و جێی متمانە و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەی سۆمای برادۆست و کەسایەتییەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرێکی بە بیروباوەڕ بوو و هەموو کات لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا مژاری کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بۆ خەڵک دەهێنایە بەر باس؛ بەو بۆنەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ویرای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچیدوایی ناوبراو، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هەموو خەڵکی ناوچەی سۆمای برادۆست دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.