وتەبێژی بۆریس جانسۆن، سەرۆکوەزیری بریتانیا : ڕووسیە لە ڕەوتی شەڕ لەگەڵ ئۆکراین لەماوەی ڕابردوو دەرسی وەرنەگرتووە.
ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی “بۆریس جانسۆن” سەرۆکوەزیری بریتانیا لە وتووێژێکدا وتی: “ڕووداوەکان نیشاندەری ئەوەن کە ڕووسیە لە ڕەوتی شەڕ لەماوەی ڕابردوودا دەرسی وەرنەگرتووە و هێرشی نوێی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین لە چوارچێوەی پێکدادانە توندەکان ئەگەری هەیە تا چەندین مانگ یان ساڵ درێژەی هەبێ”.
ئەو بەرپرسەی بریتانیا لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەو وڵاتەوە ئەوەشی زیاد کرد کە قۆناغی دواتری ئەو شەڕە، شەڕێکی ماندووکەر دەبێ و ئەگەری ئەوە هەیە چەندین مانگ یان ساڵ درێژەی هەبێ و ڕوسیە دەیهەوێ باڵادەستیی هێزەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین نیشان بدا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز وتەبێژی جانسۆن وتی کە بۆریس جانسۆن لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەمریکا، فەڕانسە، ئاڵمان و ڕێبەرانی دیکەی جیهان سەبارەت بە ئۆکراین و توندکردنەوەی گەمارۆکان لەدژی ڕووسیە کۆ دەبنەوە.