ڕێبەری ڕەوەتی سەدر دەڵێ: تورکیە بە ناحەق و بەبێ هیچ پاساوێک هێرشی سەربازیی کردۆتە سەر باکووری عێراق.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، سەرەڕای مەحکوومکردنی هێرشی سەربازیی تورکیە بۆ سەر باکووری عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: ئەگەر مەترسییەک لە خاکی عێراقەوە هەڕشە بۆ سەر تورکیە دروست دەکا، ئەوە دەبێ تورکیە بۆ چارەسەرکردنی لەگەڵ بەغدا وتوویژ بکا و هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراق دەتوانن کێشە ئەمنییەتییەکانی وڵات چارەسەر بکەن.
موقتەدا سەدر لە درێژەدا وتی: ئەگەر هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر خاکی عێراق بەردەوام بێ، ئێمە بێدەنگ نابین؛ عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە و دەستدرێژی و بشێوی لە خاکی عێراقدا قەبووڵ ناکەین.
جێگای ئاماژەیە کە هێزەکانی تورکیە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بیانووی بوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پکک” هێرشێکی سەربازیی بەربڵاوی کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان.