ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، بە کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٤٦ی سەرەتایی پێشمەرگە پۆلێکی دیکە لە لاوانی بەهەست و نیشتمانپەروەری کورد بەرگی پیرۆزی پێشمەرگەیان پۆشی و لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا سازمان دران.
لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆتایی ئەو دەورەیەدا کە بە سروودی نەتەوەیی و ڕێژەی بەشدارانی دەورە دەستی پێ کرد، کاک خدر پاکدامەن، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەیەوە وتارێکی پێشکێش کرد.
بەڕێزیان لە بەشێک لە قسەکانیدا ڕوو بە بەشداران گوتی لە ئێستا دا شعووری نەتەوەیی لە ڕۆژ هەڵاتی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا لە لووتکە دایە. چ لەڕابردوو و چ لە ئێستا دا قوڕسایی باری خەبات و تێکۆشان لە ئەستۆی هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵی کوردوارییە و ئەگەر هاوکاری و بەپیرەوەهاتنی خەڵکی کوردستان نەبوایە بێگومان هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەروا بە ئاسانی نەیدەتوانی ئەم خەباتە ئیدامە بدا، کە وابوو دەتوانین بڵێین خەباتی ئێوە بۆ خەڵکی کوردستانە و خەڵکی کوردستانیش بەئەمەگناسیەوە لە نێو جەرگەی وڵات لە بەرانبەر دژمنێکی غەداری وەک کۆماری ئیسلامیدا ڕاوەستاون، دەکوژرێن، دەکەونە بەندیخانەکانی دژمن، ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن، لە سێدارە دەدرێن بەڵام واز لە بیروباوەڕ و خەبات ناهێنن و بە هاوئاهەنگی هەموومان بەنەیارانی گەلەکەمان دەسەلمێنین کە ئێمە گەلێکی زیندووین و هیچ هەڕشەیەک نامانترسێنێ و لە ویست و داواکارییەکانمان پاشگەزمان ناکاتەوە.
خوێندنەوەی پەیامی بەشدارانی دەورە، ڕێزگرتن لە چەند پێشمەرگەیەکی سەرکەوتووی دەورە، پێشکێشکردنی گۆرانی و سروودێکی شۆڕشگێڕانە چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون.