مامۆستا مەلا مەحیەدین قوڕەیشی، کەسایەتیی ئایینی ناسراو و خۆشناوی ناوچەی سەقز لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، مامۆستا مەلا مەحیەدین قوڕەیشی، کەسایەتیی ئایینیی نیشتمانپەروەر و ناسراوی ناوچەی سەقز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مامۆستا قوڕەیشی لە ئاوایی تەمۆغەی ناوچەی گەورکی سەقز لە سالی ١٣١٧ لەدایک بووە، لە باری بنەماڵەییەوە لە سادات و شێخانی بەرزنجەن، خوێندنی سەرەتایی هەر لە شوێنی لەدایکبوونی و لەلای ئیمام جومعە و مامۆستایانی ئایینی سەقز و گوندەکانی دەورو بەری دەست پێکردوە،
لە ساڵی ١٣٥١ وەک کارمەندی ئیدارەی ئەوقاف و کاروباری خێرخوازی پارێزگای سنە و شاری سەقز دەست بەکار بووە و ٦ کتێبی لە بواری جۆراوجۆری ڕێوشوێنە ئاینییەکاندا نووسیوە.
ئەو کاتەی مامۆستا ماڵی لە گوند بووە زۆر جار هێزەکانی پێشمەرگە هاتوچۆی ماڵەکەیان کردوە و بە دڵێکی ئاواڵەوە پێشوازی لێکردون و هەردەم وەک پشتیوان و خەمخۆری ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد خۆی ناساندووە و بیر و بۆچوونی خۆی دەربڕیوە و تا ئەم داوییانەش لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە پێوەندی لەگەڵ کەسانی جێگای بڕوای خۆی هەبووە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی” مامۆستا مەلا مەحیەدین قوڕەیشی” سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خەڵکی کوردپەروەری ناوچەی سەقز دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.