دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ بەسەر پەککەوتنی دانوستانەکانی ڤییەن، ئەمریکا بەشێک لە داواکارییەکانی تاران لە درێژەی دانوستانەکاندا بەدەر لە چوارچێوەی بەرجام دەزانێ.
ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: خواستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجام زیاترە و پێویستە بەو شێوەیەش وڵامی بدرێتەوە و ئەگەر تاران خوازیاری لابردنی گەمارۆکانی جیاواز لە بەرجامە، دەبێ ولامی نیگەرانییەکانی دەرەوەی بەرجامی ئێمەش بداتەوە، لەبەر ئەوەیکە بەشێک لە گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران پێش بەرجام بەسەریدا سەپاوە و پێوەندی بە دانوستانەکانی بەرجامەوە نییە.
ئاماژەی نێد پرایس، بە هێندێک لە داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێککەوتنی بەرجامە کە پێیوایە لە چوارچێوەی بەرجام سەرترە؛ بۆ وێنە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داوای سڕینەوەی ناوی سپای تێرۆریستی پاسدارانیان لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەمریکادا کردووە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ئەو داواکارییەی ڕێژیمی ئێرانی بە خواستێکی سەرتر لە بەرجام زانیوە و ڕایگەیاندووە، بە تێرۆریستی ناساندنی سپای پاسداران جیاواز لە مەسەلەی بەرجام بووە.