زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین: بۆمبارانی ناوچە مەدەنییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک لە شاری خارکێڤ لەلایەن هێزەکانی ڕووسیەوە هەوڵیکی تێرۆریستییە.
ڤێلادێمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆنفرانسیکی ڤیدیۆییدا، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە بۆمبارانی شاری خارکێڤ لەلایەن هێزەکانی ڕووسیەوە بەردەوامە وتی: لە ماوەی ٤ ڕۆژی ڕابردوودا لەو شارە ١٨ کەس کوژراون وزیاتر لە ١٠٠ کەسیش بەهۆی بۆمبارانەکانی ڕووسیەوە بریندار بوون.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە، گولـلەبارانی ناوچە مەدەنییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک بە خۆمپارە و تۆپخانە و کردنە ئامانجی خەڵکی مەدەنی لەلایەن ڕووسیەوە، بێجگە لە سەلماندی تێرۆریستبوونی دەوڵەتی ڕووسیە، هیچ شتێکی دیکە نییە.
زێلێنسکی ڕۆژی ڕابردووش ڕایگەیاندبوو کە؛ ڕووسیە بە تەواوی شاری “ماریۆپۆل”ـی گەمارۆ داوە و خەریکە وێرانی دەکا و دۆخی ئەو شارە بەهۆی هێرشی هێزەکانی ڕووسیە لە دۆخێکی نامرۆڤانە و خراپترین حاڵەتدایە، بەڵام هێزە سەربازییەکانی ئۆکراین هیچکات کۆڵ نادەن و بڕیاریان داوە تا دوا دڵۆپی خوێنیان لەپێناو وڵاتەکەیاندا بەرگری بکەن.
جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر ڕووسیە کاتێکی دیاریکردبوو کە سەربازەکانی ئۆکراین بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لە ماریۆپۆل، بچنە دەرەوە، بەڵام هێزەکانی ئۆکراین و بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە کە تا دوایین دڵۆپی خوێن لەگەڵ سەربازەکانی ڕووسیە شەڕ دەکەن.