سەعید خەتیبزادە: ئەگەر تاڵیبان وەکوو نیزامێکی سیاسیی نوێ لە ئەفغانستان بە فەرمی بناسێنرێ، کابول دەتوانێ نوێنەرانی خۆی بنێرێتە تاران.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە جێگیربوونی نوێنەرانی تاڵیبان لە تاران وتی: دەبێ دەوڵەتی نوێ و نیزامی سیاسیی نوێ لە ئەفغانستان بە فەرمی بناسێنرێ، ئەو کات تاڵیبان دەتوانێ نوێنەرگەلێکی نوێ بنێرێ بۆ تاران.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئەمیرخان موتەقی، وەزیری دەرەوەی تاڵیبان، لە یەکەمین سەفەری خۆیدا سەردانی ئێرانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، چاوپێکەوتنی هەبووە.
جێگەی ئاماژەیە کە تا ئێستا هیچ وڵاتێک تاڵیبانی بە فەرمی نەناسیوە و تەنیا چەند وڵاتێک وەکوو ڕووسیە دیپلۆماتەکانی تاڵیبانیان وەرگرتووە.
هەروەها لەم بارەوە، مونیر ئەکرەم، نوێنەری پاکستان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە؛ ئەگەر لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا کۆدەنگییەک هەبێ، تاڵیبان وەکوو دەوڵەتی فەرمی ئەفغانستان، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دەناسێندرێ.