ئاخوند ڕەئیسی: چووکەترین هەڵەی ئیسرائیل بەدژی ئێران لە چاوی هێزە چەکدارەکانی ئێران دوور نابێ.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕێوڕەسمی ڕێژەی سەربازی بەبۆنەی ڕۆژی ئەرتەش وتی: هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ئەگەری چووکەترین هەڵەی ئیسرائیل و هێرشی ئەو وڵاتە بەدژی ئێران، ناوەندی ئیسرائیل دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان.
سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران هەروەها وتی: چووکەترین جوڵەی ئیسرائیل لە چاوی هێزە چەکدارەکانی ئێران شاراوە نابێ و ئەگەر تەنیا هەڵەیەکی چووکە بەدژی بەرژەوەندییەکانی ئێران بکەن، وڵامی ئێمە لە ناوەندی ئیسرائیل دەبێ.
پێویستە بگوترێ کە ئیسرائیل، لە کاتێکدا ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهانیی هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی وەگەڕ خستووە، ڕاتگەیاندووە: ئێمە ئیزن نادەین ڕێژیمی ئێران ببێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ناوکیی.
ئیبراهیم ڕەئیسی لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە: پاش شەڕی ئێران و عێراق، هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە جۆرێک خۆیان بەهێز کردووە کە هێزی سەربازیی ئێران لە ناوچەکەدا قسەی یەکەم دەکا و لە ئێستادا تەکنەلۆژیای سەربازیی ئێران لە باشترین دۆخی خۆی دایە.