تیمی باسکەی کچانی سنە لە دواهەمین یاریی کێبڕکێیەکانی سەرکەوتن بۆ خولی نایابی باسکەی ئێران، سەرکەوتنی بەدەست هێنا و چووە خولی نایابی باسکەی کچانی ئێرانەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، دواهەمین یاریی کێبڕکییەکانی خولی سەرکەوتنی تیمەکانی باسکەی کچانی ئێران بۆ خولی نایاب، لەنێوان تیمی باسکەی کچانی سنە و تیمی باسکەی کچانی مەشهەد، کاتژمێر ٨ی سەرلەئێوارە و لە یاریگەی باسکەی ئازادیی شاری سنە بەڕێوە چوو کە تیمی کچانی سنە بە بەدەستهێنانی ٦٥ خاڵ لە بەرانبەر ٦٣ خاڵی تیمی کچانی مەشهەد و بە مەودای ٢ خاڵ توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بڕواتە خولی نایابی باسکەی کچانی ئێرانەوە.
شایانی باسە کە تیمی باسکەی کچانی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ پێداویستییەکی وەرزشییان بۆ دابین نەکراوە و لەلایەن خواردنگەی “کەبایی شەیدا”ی شاری سنەوە سپۆنسەری دەکرێت و بەم هۆکارەشەوە ناوی ئەو خواردنگەیە وەکوو نازناوی تیمەکە دیاری کراوە.