لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ئاخوندی، ڕۆژی ڕابردوو ١٢ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و بەرپرسانی گەندەڵی ڕێژیم، ١٢ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە کارمەندانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی بێهبەهان بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام لە حەوشەی ئەو ئیدارەیە، کرێکارانی پیشەی پۆڵای ئەهواز لەبەردەم بینای ئۆستانداری ئەو شارە بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی ئەهواز، بۆجنوورد، ئیلام، ڕەشت، ئەرەدەبیل، ئەراک، مەشهەد و کرماشان لەبەردەم بینای ئیدارەی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان و هەروەها هاووڵاتییانی ناڕازیی لەهەمبەر کەمیی ئاو و گواستنەوەی ئاوی چوارمەحاڵ و بەختیاری لە شەهریکورد بەڕێوە چوو.