سەرەڕای ئەوەی کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، زیاتر لە ١٠٠٠ گەمارۆی بەسەر ڕێژیمی ئیراندا سەپاندووە، یەکێک لەو گەمارۆگەلە وەکوو “حەبی ژەهراوی” بەربەستێکی گەورەی درووست کردووە لەسەر ڕێگەی دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی.
کاناڵی هەواڵدەریی” ئێنبیسی” ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە زاری هیندێک لە بەرپرسانی ئەمریکایی و سێ سەرچاوەی ئاگادار لەم پێوەندییەدا لە ڕاپۆرتێکدا نووسێ: وتووێژە ناوکییەکان بۆ دووبارەکردنەوەی رێککەوتنی بەرجام تا مانگێک پێش ئێستا پێشکەوتنگەلێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیبوو، بەڵام داواکاریی ڕێژیمی ئێران بۆ نەمانی سپای پاسداران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا، ئەو وتووێژانەی گەیاندۆتە بنبەست.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لاچوونی سپای پاسداران لە لیستی ڕەشی “گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا”، کاردانەوەی بەربڵاوی کۆنگرەی ئەمریکا و هەروەها وڵاتە هاوپەیمانەکانی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێ کەوتووەتەوە و سەرەڕای ئەو هەموو ناڕەزایەتییە بەرپرسانی دەوڵەتی جۆ بایدێن، بە شوێن ڕێکاریکی گونجاو بۆ چارەسەریی ئەو بابەتە دەگەڕێن.
هەواڵدەریی ” ئێنبیسی” دەڵێ: ئەو گەمارۆیەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، وەکوو” حەبێکی ژەهراوی”، بەربەستێکی گەورەی لە دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەنێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهانیدا درووست کردووە.