بە بەشداری بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، کۆنفرانسی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.
بە بەشداری بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزب، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە و هەروەها ڕێزدار حەمەڕەسووڵ کەریمی بەرپرسی گشتیی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات و نوێنەری کۆمیسیۆنی پارێزگای لە پێڕەوی نێوخۆیی حیزب، بەڕێز ئەبووبەکر قەدیکورد، کۆنفرانسی ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.
رۆژی شەممە ١٦ی مانگی ٤ی ٢٠٢٢ی زایینی بە بەشداری زۆربەی ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان کۆنفرانسی کۆمیتەی فینلاند بەڕێوە چوو کە تێیدا جیا لە باسکردن لە ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی نێوان دوو کۆنفرانس، دەستەی بەریوەبەری نوێ بۆ بەروپێشبردنی کار و چالاکییەکان هەڵبژێردران.
سەرەتای کاری کۆنفرانس بە ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. دواتر بەرێز خالید عەزیزی باسێکی تێروتەسەلی لەسەر بارودۆخی ئێران، حیزبی دێمۆکرات و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.
عەزیزی لە بەشێک لە باسەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە خەباتی ئێمە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دەبێ وزە و تواناییەکانمان بۆ ئەو مەبەستە بەکار بێنین، هەر بۆیە ناکرێ خۆمان بە ئەو کێشانەوە سەرقاڵ بکەین کە لە ئەرکەکانمان دوورمان دەخاتەوە.
دواتر بەپێی بەرنامەی دارێژراو بۆ بەرەوپێشچوونی کارەکانی کۆنفرانس، هاورێ کاک قادر مەکلاوەیی پەیامی کۆمیتە و ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند پێشکەشی بەشدارانی کۆنفرانس کرد؛ هەروەها بە مەبەستی رێزگرتن لە زەحمەت و ماندووبوونی دەستەی بەڕێوەبەریی پێشووی کومیتەی فینلاند، لەوحی رێزلێنان لەگەڵ وێنەی شەهیدانی ڕێبەر وەک دیاری پێشکەشیان کرا.
شایانی باسە کە دوابڕگەی کارەکانی کۆنفرانس هەڵبژاردنی دەستەێکی نوێی بەرێوەبەریی کۆمیتەی فینلاندی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.