جۆنی ئێرنێست، سێناتۆری ئەمریکایی دەڵێ: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران گرووپێکی تێرۆریستییە و بەرپرسە لە کوشتنی کۆمەڵێکی زۆر لە هێزەکانی ئەمریکا.
سێناتۆری ئەمریکایی، جۆنی ئێرنێست، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، بە ئاماژە بە تێرۆریست بوونی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران گرووپێکی تێرۆریستییە و بەرپرسە لە کوشتنی کۆمەڵێکی زۆر لە هێزەکانی ئەمریکا و لە ئێستادا زۆر چالاکانە هەوڵی کوشتنی سیاسەتوانان و کارمەندانی دەوڵەتی ئەمریکا دەدا و نابێ جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئەو گرووپە تێرۆریستییە لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستییەکان بێنێتە دەرەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا پێشتر بەرپرسێکی ئەمریکایی ڕایگەیاندبوو کە؛ تا ئەو کاتەی ڕێژیمی ئێران پێشنیارێکی” بەکەڵک و وێکچوو” نەدا بە ئەمریکا، دەوڵەتی بایدێن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستییەکان وەلانانێ.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران بە شوێن لابردنی گەمارۆکانی جیاواز لە ڕێکەوتنی بەرجامدا دەگەڕێ، دەبێ زیاتر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجام نیگەرانییەکانی ئێمە چارەسەر بکا.