فائیزە هاشمی، سەرەڕای ڕەخنەگرتنی توند لە سپای پاسداران وتی: دژی لاچوونی سپای پاسدارانم لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکام.
فائیزە هاشمیی ڕەفسەنجانی، کچی سەرۆککۆماری پێشووتری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە “کڵاب هاووس” سەرەڕای ڕەخنەگرتنی توند لە سپای پاسداران و بە ئاماژە بەوەی کە سپا لە ئێستادا و لەم کاتەدا کە ڕێکەوتنی ناوکیی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان لە ئارادایە، هەر بەردەوامە لە کێشەسازکردن و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا، وتی: “وا دەردەکەوێ کە ڕێکخراوی سپای پاسداران بۆ خۆی زۆری پێخۆش نییە لە لیستی گرووپە تێرۆریستەکانی ئەمریکا بێتە دەرەوە.”
ناوبراو بە ئاماژە بە هێرشی مووشەکی سپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، وتی: “ئەوە یەکەمین جارە کە سپای پاسداران زۆر بە ڕوونی هێرش دەکاتە سەر وڵاتێکی دراوسێ، پێشتر سپای پاسداران هێرشەکانی لە ڕێگەی میلیشیا بە وەکالەتەکانییەوە لە ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ جێبەجێ دەکرد.”
فائیزە هاشمی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بابەتی سپای پاسداران یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکانە لەبەردەم وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.”
جێگەی ئاماژەیە کە؛ کەسایەتییە ڕەخنەگرەکانی حکوومەتی ئێران ناوێرن لە نێوخۆی ئێراندا ئاوا ڕاستەوخۆ هێرش بکەنە سەر سپای پاسدارانی ڕێژیم و داوای مانەوەی ئەو ڕێکخراوەیە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادا بکەن.
شایانی باسە کە فائیزە هاشمی، پێشتریش پشتیوانیی لە سیاسەتی” ئەوپەڕی گوشاری” دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا کردبوو و پێی وایە کە دەبێ سپای پاسداران کۆتایی بە کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکدا بهێنێ.