دوای یەک ساڵ لە دەسبەسەرکرانی گوڵاڵە مورادی ناوبراو هێشتا بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی یەک ساڵ لە دەسبەسەرکرانی نایاسایی گوڵاڵە مورادی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار، ناوبراو هێشتا بێ ئەوەی دادگایی کرابێت دۆسیەکەی یەکلایی نەبووەتەوە و لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە.
لە تۆمارێکی دەنگیی گوڵاڵە مورادی کە هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە، گوڵاڵە مورادی دەڵێ کە ناچاریان کردووم کە دانپێدانانی کوڕە مێرمنداڵەکەم دژ بە من و هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی کە دژ بە من دراوە، قەبووڵ بکەم و دوای هەڕەشەیەکی زۆر ئەو کارەم کردووە و فیلمیان لێم هەڵگرتووە.
گوڵاڵە مورادی تەمەن ٤٨ ساڵ ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی مەتین بەزازی ١٤ ساڵە و تاهیر بەزازی ٢١ ساڵە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و بۆ ورمێ گوازرانەوە. ناوبراو پاش ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە. دوو کوڕەکەشی پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
ئەم سێ کەسە دوای کوژرانی یەکێک لە کادرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بە ناوی عوسمان حاجی حوسێنی دەسبەسەر کرابوون.
شایانی باسە کە گوڵاڵە مورادی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە مافی ەمرەخەسی بێبەش بووە و بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مورادی، هەتا ئێستا هێزە ئیتلاعاتییەکان ئیزنیان نەداوە کە ناوبراو لەگەڵ پارێزەرەکەشی چاوپێکەوتنی هەبێت.