لەژێر سێبەری دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە ژیانی خەڵک دژوارتر دەبێ و نرخی کەلوپەلی و خواردەمەنییەکان گرانتر دەبن و نرخی برنج گەیشتووە کیلۆی ١٠٠هەزار تمەن.
ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، “حەسەن تەقیزادە”، بەرپرسی یەکیەتیی فڕۆشیارانی برنج لە بابۆل، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی برنج بۆ کیلۆی ١٠٠ هەزار تمەن، وتی: نرخدانان و گرانبوونی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان دەستوورێک بوو کە پێش نەورۆز درابوو و بوو بە هۆی گرانبوونی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان و بە تایبەت برنج؛ ئەوەش وای کردووە کە چینێکی هەژاری کۆمەڵگە هەیە ناتوانن ئەو خواردنانە بکڕن و دۆخی ژیانیان لەو پەڕی خراپیدایە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: دوای ئەوەیکە بە دەستوور پیش نەورۆز نرخ لەسەر کەلوپەل و خواردەمەنییەکان داندرا، وەرزێڕان فرۆشتنی بەرهەمەکانیان ڕاگرتووە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە دابەشکردنی ئەو بەرهەمە لە بازاڕدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت، لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە نرخی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان لە ئێران بە ڕێژەیەک بەرچاو دادەبەزن و گرانی نامێنێ.