خراپى بەڕێوەبردن و چارەسەرنەکردنى کێشەکان و پێشنەگرتن لە زێدەڕۆییەکان، واى کردووە کە وشکەساڵى ڕوو لە زۆر شوێنى کوردستان بکا و سەرمابردوویی ئەمساڵیش لەگەل وشکەساڵییەکە، هۆکارن بۆ لەنێوچوونى بەشێکى زۆرى باخەکانى جوانڕۆ و دەوروبەرى.
عادل قادری، بەڕێوەبەرى ئیدارەی کشتوکاڵی جوانڕۆ، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە وتی: وشکەساڵى و سەرمابردوویی باخەکان بووەتە هۆى خەسار و زەرەر و زیانێکى زۆر لە باخەوانەکانى شارەکە و لە چەندین ساڵى ڕابردوودا، بەهۆی کەمی ئاوەوە بەشێکى زۆر لە باخەکان وشک بوون و نزمبوونەوەى پلەى گەرما لە بەفرانبارى ساڵى ڕابردووش هاتە سەر کارەساتەکانى دیکە و بەشێکى ترى لە باخەکان لەنێو بردووە.
جوانڕۆ نزیکەى ٢٤٠٠ هێکتار باخى هەیە و دەیان جۆر بەرهەمى میوەى هەیە، لە ئێستادا باخە هەنار و هەنجیرەکان بەتایبەتی لە شورێنە و بەشى کڵاشى بە تەواوەتى وشک بوونە و بە گشتى سەرمابردوویی بەفرانبارى ساڵى ڕابردوو، ٩٨٠ میلیارد تمەن زەرەرى لە باخەکانى شارستانى جوانڕۆ داوە و وشکبوونى کانییەکان و چەمەکان و کەمبوونەوەى ئاویش، زەرەرەکەی چەندین هێندە زیاد کردووە.
لە بەرامبەر ئەمەدا پێویست بوو کۆمارى ئیسلامى لە ڕێگەى ئیدارەی کشتوکاڵەوە بیمەى باخەوانان بداتەوە، بەڵام لەمەشدا دووبارە باخەوانەکان هیچیان دەست نەکەوت.