یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فەرانسە، لە شاری پاریس و بە بەشداریی ١٦ کۆمەڵەی کوردی، بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فەرانسە، بە بەشداریی ١٦ کۆمەڵەی جۆراوجۆری کوردی لە وڵاتی فەرانسە، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی بە کاتی ئورووپای ناوەندی و لە شاری پاریس بەڕێوە چوو.
سەرەتای کۆنگرەکە بە سروودی نەتەوەییی “ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ڕێبازی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد؛ پاشان پەیامی پیرۆززباییی کەسایەتی و لایەن و ڕێکخراوە کوردی و کوردستانییەکان خوێندرایەوە و لە بڕگەیەکی تری کارەکانی کۆنگرەدا ڕاپۆرتی دەستەی بەڕێوەبەری، هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی بارودۆخی دیاسپۆرای کورد لە فەرانسە، تاوتوێکردنی پێڕەوی ناوخۆ و هەڵبژاردنی دەستەی نوێی بەڕێوەبەری بەڕێوە چوو.
شایانی باسە کە فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان بە بەشداریی ١٦ کۆمەڵەی جۆاوجۆری کوردی لە فەرانسە، زیاتر لە ٣ ساڵە دامەزراوە و یەکەم کۆنگرەی ئەم فیدراسیۆنە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی دەستی بە کارەکانی کرد و بەپێی بەرنامە و پلانەکان، کۆنگرەکانی ئەو فیدراسیۆنە ساڵانە بەڕیوە دەچێت.
جێی ئاماژەیە کە ئامانج لە دامەزراندنی ئەو فیدراسیۆنە، رێکخستنی کۆمەڵە کوردییەکان لە فەرانسە، هاودەنگبوونیان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نێشتمانییەکان و یەکگرتوویی کورد لە فەرانسەیە؛ هەروەها یەکێکی تر لە ئامانجەکانی ئەم فیدراسیۆنە خزمە بە بەرژەوەندییەکانی کورد و بردنەسەری توانایی لۆبیگەریی کوردە لەو وڵاتەدا.