وتەبێژی ناوەندی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران وتی: تا کاتێک ڕێککەوتن نەکرێ ئێمە ڤیدیۆی کامێراکانی چاوەدێریی سایتەکانی ناوکیی ئێران نادەین بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیی.
ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، بێهرووز کەماڵوەند، وتەبێژی ناوەندی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی “ئەلعالەم” لە درێژەی ئەو باس و بابەتانەی کە لەسەر سڕینەوەی ناوی سپای تێرۆریستی پاسداران لە لیستی تێرۆری ئەمریکا لە ئارادایە، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ڤیدیۆ تۆمارکراوەکانی کامێراکانی چاوەدێری ڕادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیی ناکات و ئەگەری ئەوە هەیە ڤیدیۆ تۆمارکراوەکان ڕەش بکرێنەوە و نەمێنن.
ناوبراو هەروەها وتیشی: ئەگەر ڕێککەوتنەکانی بەرجام بە مەرجەکانی ئێمەوە بە ئاکام بگات ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیی دەتوانێ دەستی بە زانیاریی هەموو کامێراکانی چاوەدێریی دامەزراوەکانی ناوکیی ئێران ڕابگات و لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی ڕێککەوتنی بەرجامیش، ڤیدیۆی کامێراکانی چاوەدێری لای ئێمە دەمێنێتەوە و ئەگەری زۆریشە ڕەش بکرێنەوە.
جێی ئاماژەیە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتنی تاران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیی، کامێراکانی هەنووکەیی لە دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمدا دەمێننەوە و لەسەر چالاکییەکانی ناوکیی چاوەدێری دەکەن، بەڵام کۆماری ئیسلامی لەسەر بەڵێنەکانی خۆی پێبەند نییە.