یەکیەتیی ئورووپا بە کاردانەوە بە هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، گەمارۆگەلێکی نوێی بەسەر ڕووسیەدا سەپاند.
ئۆرزۆلا فێندێرلاین، بەرپرسی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئاڵمانی وتی: لە چوارچێوەی هەنگاوی شەشەمی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا، بەشی بانکیی ڕووسیە بە تایبەتی “ئەسبێر بانک” گەورەترین بانکی ئەو وڵاتە کە لە سەتا ٣٧ی بانکەکانی ڕووسیە لەژێر چاوەدێری ئەو بانکەدان گەمارۆی دەخرێتە سەر و هەروەها گەمارۆکان بەشی وزەی ڕووسیەش دەکاتە ئامانج.
یەکیەتیی ئورووپا پێشتر بەهۆی ئەوەی کە “ئەسبێر بانک” یەکێک لە ڕێگە سەرەکییەکانی پێدانی پارەی نەوت و گاز بە ڕووسیە بووە، ئەو بانکەیان نەخستبووە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئورووپا هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە خەریکی داڕشتنی پلانێکی گونجاون، کە لە دەوری حەوتەمی گەمارۆکاندا کەرتی نەوتی ڕووسیەش گەمارۆی بخرێتە سەر و بەو جۆرە ئابووریی وڵاتی ڕووسیە بە گشتی هەرەس پێبهێنن.
ناوبراو لەم پێوەندییەدا وتی: کاری سەرەکیی ئێمە وەکوو یەکیەتیی ئورووپا کەمکردنەوەی داهاتی “پوتین”ـە و نابێ ئیزن بدەین بە گرانتر فرۆشتنی نەوت بە ئورووپا پارەی زۆری بە مەبەستی پەرەپێدانی ئامانجەکانی وەدەست ڕووسیە بکەوێ.