هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لەهەمبەر وەڕێخستنی پڕۆژەی پێترۆشیمی لە کەنارئاوەکانی میانکالە، هەڵکەوتوو لە پارێزگای مازەندەران، کێشە و ئاڵۆزییەکان لەنێوان بەرپرسانی باڵای ڕێژیمدا ڕوو لە پەرەسەندنە.
لە نوێترین لێدوان و پشتگیریکردن لە وەڕێخستنی پڕۆژەی پێترۆشیمی میانکالە، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، عەرەبعەلی جەباری، پێشنوێژی هەینیی بێهشەهر، بە ڕەخنەگرتنی توند لە دژبەرانی پڕۆژەی پێترۆشیمی میانکالە دژبەرانی ئەو پڕۆژەیەی بە شەمشەمەکوێرە ناوبرد و وتی: ئەو کەسانە بەدزییەوە و تەنیا لە تاریکی شەودا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکەن.
ناوبراو هەروەها دژبەرانی ئەو پڕۆژەیەی کە؛ لە بەرپرسانی سیاسی، قەزایی، چالاکانی ژینگەپارێزی و کەسایەتییە ئاکادێمیکەکانی ئێران پێکهاتووە، بە خائین و دژبەری خامنەیی ناو هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای دەرکردنی بڕیاری قەزایی لەلایەن جێگری یاسایی داواکاری گشتیی ڕێژیمەوە بۆ ڕاوەستانی ئەو پڕۆژەیە، پڕۆژەی پێترۆشیمی میانکالە تا ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خاکەلێوە بەردەوام بووە لە چالاکییەکانی و شەوانە بە دوور لە چاوی خەڵک درێژە بە دروستکردنی پڕۆژەکە دراوە.
لەلایەکی دیکەوە قالیباف، سەرۆکی گەندەڵی مەجلیسی رێژیم بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر ڕاوەستانی ئەو پڕۆژەیە و بە ڕەخنەگرتنی توند لە تریبوونی مەجلیسی ڕێژیمەوە وتی: بۆ ئەو پڕۆژەیە مەجلیس و دەوڵەت مۆڵەتیان داوە و چەندین میلیارد لەو پڕۆژەیەدا پارە خەرج کراوە و نابێ ئێستا کەسێک لە دوورەوە بێت و بڵێ دەبێ ئەو پڕۆژەیە ڕابوەستێنن.