بەندکراوێکی خەڵکی ماکۆ لە بەندیخانەی ئەم شارە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونیی چارەنووسی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، بەندکراوێک بە ناوی محەممەد درەفشی تەمەن ٣٨ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ماکۆ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٨ ساڵ ناڕوونیی چارەنووسی، لە بەندیخانە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
محەممەد درەفشی دوای ئەوەیکە یەک حەوتوو مانی لە خواردن گرت و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە وڵامی داواکارییەکانی نەدراوە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی درەفشی لەمبارەوە ڕایگەیاند: محەممەد درەفشی دوای ئەوەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە بەهۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ و تا ئێستا لەژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.
محەممەد درەفشی تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «مەلا حەسەن» سەر بە شاری ماکۆیە؛ ناوبراو ٨ ساڵ پێش لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە برای یەکترن دەسبەسەر کران.