سەرۆککۆماری ئۆکراین ڕایگەیاند کە دەبێ خەڵکی وڵاتانی جیهان خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ناوکیی ڕووسیە بە دژی خەڵکی ئۆکراین.
ڕۆژی هەینی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، ڤێلادێمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی “سیئێنئێن” وتی: دەبێ هەموو وڵاتانی جیهان ئەوە باش بزانن و ئامادە بن بۆ ئەوەی کە دەوڵەتی ڕووسیە دەیهەوێ بە چەکی ناوکیی هێرش بکاتە سەر خەڵکی ئۆکراین، لەبەر ئەوەی پوتین هیچ بەهایەک بۆ گیانی خەڵکی ئۆکراین دانانێ بۆیە ئەگەری زۆرە لە هێرشەکانیدا بۆ سەر وڵاتەکەمان چەکی ناوکیی و کۆمەڵکوژ بەکار بهێنێ، ئەگەر وڵاتانی جیهان لەسەر ئەگەری بەکاهێنانی چەکی ناوکیی رووسیە هەڵوێستیان نەبێ بە دڵنیاییەوە کارەساتی زۆر گەورەی مرۆیی ڕوودەدا.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: لە سەرەتای هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین تا ئێستا، نزیکەی ٢هەزار و ٥٠٠بۆ ٣هەزار سەربازی ئۆکراینیی لەو شەڕەدا گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ١٠هەزاری هێزی دیکە بریندار بووونە، ئەوە جیا لەوەی کە بە دەیان جار هێرش کراوەتە سەر شوێنە مەدەندییەکان و خەڵکی بێتاوان بە ژن و منداڵەوە بوونەتە قوربانیی مووشەکەکانی ڕووسیە و تا ئێستا نزیکەی ٥میلیۆن ئۆکراینی لە وڵاتی خۆیان ئاوارە بوون.