دوای تێپەڕینی چل ڕۆژ بەسەر مردنی گوماناوی فەوزییە ئەمینى، پەرەستاری خەڵکی شاری سەقز، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی دژ بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەڕێوە چوو.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ۲٤ی خاکەلێوەی ۱٤۰۱ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی چلەی فەوزییە ئەمینی پەرەستاری خەڵکی شاری سەقز کە بە هۆکارێکی گوماناوی گیانی لەدەست دا، لە گۆڕستانی ئایچی ئەم شارە بەڕێوە چوو، بەڵام بەهۆى ساغنەکردنەوە و پشتگوێخستنى کەیسەکە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامى و درێژەدان بە سیاسەتى دژ بە ژنان، هێشتا شێوازی کوژرانی ناوبراو دیار نییە و بەدواداچوونیشی بۆ نەکراوە.
ڕێکەوتی ۲٤ی خاکەلێوە لەلایەن چالاکانى مەدەنى و چالاکانى بوارى مافەکانى ژنان و ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی “ژیوانۆ”، ڕێوڕەسمێک لەسەر گۆڕی فەوزییە ئەمینی بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە چەند ساتێک بێدەنگى بۆ گیانى قوربانییانى توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەستیپێکرد،دواتر چەندین کەس لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ بەم بۆنەوە قسەیان کرد،پاشان ئامادەبووان لەسەر ئەم دیاردە نامرۆڤانە و دڕندانەیە و پشتیوانانی بکوژان و کەسانی توندئاژۆ لەلایەن دەسەڵاتى ئاخوندییەوە وتاریان پێشکەش کرد.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکە بەشداربووان بە دانانی چەند ئاڵا و درووشم و پشتگیری لە مافی ژنان وەکوو نیوەی کۆمەڵگە، هەڵوێستیان دەربڕی.