کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەرتەشی سایبێری بۆ حیزبوڵای لوبنان دروست دەکا و هاوشێوەی زانکۆی “شەریف” پێداویستییان بۆ دابین دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی “نەشناڵ ئینتێرسێت” کە ئاماژەی بە کار و چالاکییەکانی حیزبوڵای لوبنان کرد و ڕایگەیاند؛ ڕێژیمی ئێران ئەو گرووپە تێرۆریستییە وەکوو بەشێکی سەرەکی لە بەرنامە سایبێرییەکانی بەکار دێنێ و بە تەواوی لە هەموو ڕوویەکەوە پشتیوانیی لێدەکا و هاوشێوەی زانکۆی شەریفی تاران پێداویستیی تایبەتی بۆ دەکا، لەبەر ئەوەی تاران دەیهەوێ حیزبوڵای لوبنان بە کردار ببێتە پێشکەوتووترین و کەریگەرترین ڕێکخراوی تێرۆریستیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا، بە تەواوی لە ڕاهێنان و تێکنۆلۆژیی سەردەم هاوکار و پشتیوانی سەرەکی بووە بۆ حیزبوڵای لوبنان و بەو شێوەیە توانیویەتی ناوەندێکی سیخوڕیی سایبێری لە ژێر چاوەدێریی تاراندا دابمەزرێنێ، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دۆخێکی وای بۆ خەڵکی ئێران هێناوەتە ئاراوە کە هێڵی هەژاری تا ڕاددەیەکی مەترسیدار و کارەساتبار چۆتە سەرەوە و خەڵکی ئێران بۆ سەختی دەتوانن ژیانی خۆیان دابین بکەن، کەچی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران لە پێناو مانەوەی خۆی بۆ میلیشیا تێرۆریستەکانی لە دەرەوەی ئێران خەرج دەکا.