٥٠٠ کەسایەتیی ناسراوی ئێرانی لە دەرەوە و ناوخۆی ئێران، لە نامەیەک ڕوو بە جۆ بایدێن، داوایان کردووە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دەبێ لە لیستی تێرۆردا بمێنێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، کارناسان، پسپۆڕان و شڕۆڤەکارانی ناسراو و دیاری ئێرانی، کۆمیتەیەکی کاتییان پێک هێنا و بە واژۆی ٥٠٠ کەسایەتیی دیاری دەرەوە و ناوخۆی ئێران، بۆ مانەوەی سپای تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نامەیەکیان بۆ “جۆ بایدێن” سەرۆککۆماری ئەمریکا نووسی و داوایان کردووە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان بسڕێتەوە و پێویستە ئەمریکا پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ئاشتی و ئازادی بکا.
لەو نامەیەدا کە بە واژۆی زیاتر لە ٥٠٠ کەسایەتیی دیاری ئێرانی بۆ جۆ بایدێن نێردراوە، هاتووە کە، ئەگەر سپای تێرۆریستی پاسداران لە لیستی تێرۆردا نەمێنێ، بە دڵنیاییەوە کارەساتی مرۆیی ڕوو دەدا و ئەگەر بەراوردێک بکرێ ئەوە باش دەردەکەوێ سپای تێرۆریستی پاسداران لە ئێستادا کە لە لیستی تێرۆردایە، بەردەوام خەریکی کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانەوە ئەنجام دەدا و ئەگەر لە لیستی تێرۆر نەمێنێ بەڕاستی دەبێ چاوەڕوانی کارەساتی گەورەی مرۆیی بکەین، چوون سپای پاسداران و هێزی قودسی سپای پاسداران ئامرازی کۆماری ئیسلامین بۆ کردەوەی تێرۆریستی لە دەرەوەی سنووری ئێران، نێوخۆ و جیهانیش.