لە حەوتووی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خۆڵبارینەکانن بەردەوام بووە و بەرپرسانی ڕێژیمیش هیچ ڕێکارێکیان بۆ پاراستنی تەندروستیی خەڵک ڕەچاو نەکردووە.
لەماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا لە سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستاندا خۆڵبارینەکان بەردەوام بووە و تەنانەت گەیشتووەتە ئاستێک لە ڕۆژهەڵات و چەند پارێزگایەکی تری ئێراندا زەنگی مەترسی لێ دراوە و تەندروستیی خەڵک کەوتووەتە مەترسییەوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئاخوندی نەک تەنیا هیچ گرینگییەکان بەو قەیرانە نەداوە، بەڵکوو هیچ دامودەزگایەک و تەنانەت قوتابخانە و دایەنگانیشیان دانەخستووە.
لە کاتێکدا ڕێژیمی ئاخوندی ساڵانە چەندین میلیارد دۆلار بۆ کردەوەی تێرۆریستی و پاڵپشتیی گرووپە تێرۆریستییەکانی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا بەفیڕۆ دەدات، بە وتەی سومەیە ڕەفیعی، نوێنەری دەستنیشانکراوی ڕێژیم و سەرۆکی لیژنەی پاراستنی ژینگە لە مەجلیس؛ زیاتر لە دوو ساڵە هیچ بوودجەیەک بۆ کۆنتڕۆڵی قەیرانەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە و بەتایبەت لە ئێستادا بۆ ئەو خۆڵبارینە تەرخان و دابین نەکراوە، ئەمەش بە واتای ئەوەی کە ڕێژیم ئامانجە تێرۆریستییەکانی خۆی لە خەڵکی وڵات بۆ گرینگتر و پڕبایەخترە.