ڕێکخراوی لێبوردەیی نێونەتەوەیی، ڕاپۆرتێکی لەسەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردەوە کە، بە ئەنقەست ڕێگری لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دەکەن و ئەوەش بووەتە هۆی مەرگی کۆمەڵێک لە بەندکراوانی بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران.
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی لێبوردەیی نێونەتەوەیی، لەسەر دۆخی خراپی بەندکراوانی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپۆرتێکی شیکاری بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە، بەرپرسانی بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران ڕێگری لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ نێو بەندیخانەکان دەکەن و ئەوەش بووەتەوە هۆی گیان لەدەستدانی ٩٦ کەس لە بەندکراوان.
لەو ڕاپۆرتەدا بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە “ژووری چاوەڕوانی مردن” وەسف کراوە و جەختی لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەگەری زۆرە ژمارەی گیان لەدەستدانی بەندکراوانی بەندیخانەکانی ڕێژیم ڕوو لە زیاد بوون بکات و ئەوەش کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە و بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە دەسەڵاتدارانی تاران رێگری لە ناردنی بەندکراوانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکان و ڕێگری لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی لە بەندیخانەکان دەکەن و ئەوەش هیچی کەمتر لە کردەوەی تێرۆریستیی نییە.