ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠١، کەیوومەرس لەتیفی چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی شاری سنە، جارێکی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بۆ ئیتلاعاتی سنە(ستاد خەبەری) ڕاگوێزرا.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ناوبراو ڕۆژی یەکی نەورۆزی ئەمساڵ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگوێزرابوو و بەپێی ڕەوتی ئاسایی دەبوایە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابا، بەڵام هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ جاری دووەم ناوبراویان بۆ ئیتلاعاتی سنە ڕاگواستووەتەوە.
شایانی باسە کە کەیوومەرس لەتیفی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو.