بەشێک لە دەرمانە هاوردەکراوەکان بۆ ئێران لەگەڵ شەپۆلێکی نوێ لە بەرزبوونەوەی نرخەکان ڕووبەڕوو بوونەتەوە، ئەو گرفتە تەنیا بۆ دەرمانگەلێکی تایبەت نییە، بەڵکوو بۆ دەرمانە پڕکارەکانیش پێش هاتووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ڕێژیم جیا لە بەرزبوونەوەی نرخی بەشێک لە دەرمانە هاوردەکراوەکان، نرخی هێندێک لە دەرمانەکانی نێوخۆییش لەگەڵ بەرزبوونەوە ڕووبەڕوو بوونەتەوە.
لەو بارەوە عەلی فاتمی، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران دەڵێ: لەگەڵ لابردنی بەهای حکوومیی دەرمانەکان، نرخی دەرمانەکانی بەرهەمی ناوخۆ ٢ هێندە و نرخی دەرمانە هاوردەکراوەکانیش ٥-٦ هێندە گران بووە.
یوونس عەرەب، سکرتێری ئەنجومەنی پاڵپشتی لە نەخۆشانی تالاسێمیش ڕایگەیاند: دەبێ ساڵانە دوو میلیۆن حەب و دوو میلیۆن پێکوتە بۆ نەخۆشانی تالاسێمی دابەش و بەدەستیان بگات، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٤٠٠، هیچ حەبێک بەدەستی ئێمە نەگەیشت و لە تەواوی ئەو ماوەیەدا نەخۆشەکان بە زەحمەت و دژواری دەرمانەکانیان دابین دەکرد.