سەرۆککۆماری ئۆکراین، لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشداری دا کە حەوتووی داهاتوو، حەوتوویەکی ئاڵۆز و یەکلاکەرەوە و زۆر قورس دەبێ، چوونکە ڕووسیە هێرشی قورس دەکاتە سەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین.
ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، ڤلادێمیر زێلینسکی سەرۆککۆماری ئۆکراین، لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر هێرشە سەربازییەکانی ڕووسیە هۆشداری دا و وتی: حەوتووی داهاتوو حەوتوویەکی چارەنووسساز و ئاڵۆز و یەکلاکەرەوەیە، چوون ولاتی ڕووسیە دەیهەوێ هێرشی زۆر قورس بکاتە سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاریی تەواو کراوە.
زێلینسکی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، هێزە سەربازییەکانی وڵاتی رووسیە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین ئۆپەراسیۆنی گەورەتر و بەرفراوانتر ئەنجام دەدەن و ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕووسەکان هێرشی مووشەکی و بۆمبارانی ئاسمانی چڕتر بکەنەوە، بەڵام هێزە سەربازییەکانی ئۆکراینیش بە تەواوی ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوە و وڵامدانەوە.
جێی ئاماژەیە کە ڕووسیە بەردەوام لە ئامادەکاریدایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی “دۆنێتسک و لۆگانسک” لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین.