کۆمپانیای تۆڕی کۆمەڵایەتی “تویتێر” هەژماری تایبەتی وتەبێژی میلیشیا حووسییەکانی یەمەنی سڕییەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمپانیای تۆڕی کۆمەڵایەتیی “تویتێر” هەژماری تایبەتی “یەحیا سریع” وتەبێژی سەربازیی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن کە کەسێکی سەر به سپای تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بە تاوانی پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانی تویتێر و هەڕەشەکردن لە خەڵکی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان داخست.
تویتێر وێڕای داخستنی هەژماری تایبەتی تویتێری وتەبێژی حووسییەکانی یەمەن ڕایگەیاندووە کە، هەر هەژمارێکی تویتێری ئەگەر یاسا و ڕێساکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە نەپارێزێ، دادەخرێ و هەژماری تویتێری ناوبراو ساڵی ٢٠١٨ی زایینی داندرابوو و وەکوو بڵاوکەرەوەی بەیاننامە و ڕاگەیەندراوەکانی حووسییەکان کەڵکی لێ وەردەگیرا.