چواردە سێناتۆری کۆماریخواز ڕوو بە بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا داوایان لە ناوبراو کرد کە نابێ بە هیچ شێوەیەک سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکاندا دەربهێندرێ.
چواردە کەس لە سێناتۆرە کۆماریخوازەکانی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ “جۆ بایدێن” سەرۆککۆماری ئەمریکا، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە سپای پاسداران هەروا بەردەوامە لە چالاکییە تێرۆریستییەکانی خۆی و تەنانەت لە هەوڵی کوشتنی بەرپرسانی ئەمریکایی لە خاکی ئەمریکاشدایە، داوایان لە ناوبراو کرد کە بە هیچ شێوەیەک نابێ ناوی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان بێتە دەرەوە.
ئەو سێناتۆرانە لە نامەکەی خۆیاندا ڕوو بە بایدێن وەبیر ناوبراویان هێنایەوە کە سپای پاسداران بەرپرسە لە کوشتنی لانیکەم ٦٠٠ کەس لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هێرشی بەردەوام بۆ سەر ئەو هێزانە لە ڕێگای یارمەتیکردن و پێدانی چەکوچۆڵ بە میلیشیا شیعەکان و تەنانەت سپای پاسداران لە ئێستادا دەیهەوێ کاربەدەستان و بەرپرسانی ئەمریکایی یەک لەوان مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی پێشوو، لە خاکی ئەمریکادا بکوژێ.
ئەم چواردە سێناتۆرە لە درێژەی نامەکەیاندا بۆ جارێکی دیکە ڕوو بە بایدێن جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەرهێنانی ناوی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێروریستییەکان نەک هەر هەنگاوێکی هەڵەیە، بەڵکوو خیانەتە بە هاوبەش و هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە تایبەت ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.