وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتی: لە ئەگەری بووژانەوەی بەرجام، ئیسرائیل هاوپەیمانییەکی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هەڵسوکەتی ڕێژیمی ئێران پێک دەهێنێ بۆ ئەوەی پێشێلکارییەکانی تاران چاوەدێری بکا.
بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، بێنی گانتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتی، ئەگەر ڕێککەوتنی بەرجام سەر بگرێ، ئێمە وەکوو ئیسرائیل هاوپەیمانییەکی کۆکردنەوەی زانیاری پێک دەهێنین بۆ ئەوەی چاوەدێری هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەین لەسەر بەڵێنەکانی کە لە ڕێککەوتنی ناوکییدا داویەتی، لەبەر ئەوەی ڕێژیمی ئێران لە هیچ کوێ متمانەی نەماوە و دەبێ بەردەوام چاوەدێری بکرێ و ئەگەر وڵاتی سووریە بیهەوێ دیسان ببێتەوە بە ئەندامی یەکیەتیی عەرەب، دەبێ لەگەڵ تاران و تێرۆریزمێک کە کۆماری ئیسلامی لە سووریە پشتیوانی دەکا، پێوەندی نەمێنێ.
بێنی گانتس وتیشی؛ هەموو جیهان دەزانن کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانی هەرە گەورەی تێرۆریزمە و دەبێ بە چڕی چاوەدێری بکرێ لەبەر ئەوەی هیچکات لەسەر بەڵێنەکانی خۆی پێبەند نەبووە و ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ بووژانەوەی بەرجام ئەنجام بدرێ، هەوڵی ئیسرائیل ئەوەیە کە هاوپەیمانییەکی زانیاری پێک بهێنێ بۆ کۆکردنەوەی ڕاپۆرت لەسەر پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چوونکە ئەگەر وانەبێ، تاران بەهیچ شێوەیەک پێبەندی بەڵێنەکانی خۆی نابێ.