خەڵکی شاری “هێرات”ـی ئەفغانستان بە دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە مامەڵەی خراپی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ پەنابەرانی ئەو وڵاتە لە ئێران، ئاگریان لە کۆنسووڵخانەی ڕێژیم لەو شارە بەردا.
ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی شاری “هێرات”ـی ئەفغانستان، لەبەردەم کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی دژکردەوە لە بەرامبەر مامەڵەی خراپی بەرپرسانی ڕێژیم لەگەڵ پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران، بە درووشمی “مەگەر ئەفغانی مرۆڤ نییە”، خۆپێشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ڕێژیم لەو وڵاتە و ئاگریان تێبەردا.
لە وڵامی هێرشی خەڵکی ئەفغانستان بۆسەر کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاگرتێبەردانی، “سەعید خەتیبزادە” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران داوای لە بەرپرسانی تاڵیبان کرد کە ئاسایشی باڵوێزخانە و بەرپرسانی ڕێژیم بپارێزن، ئەمەش خۆپێشاندەرانی ئەفغانستانی تووڕەتر کرد و بەتەواوی کۆنسووڵخانەی ڕیژیمی ئێرانیان سووتاند و تەنانەت کامێراکانی چاوەدێریی ئەو کۆنسووڵخانەیەیان بەتەواوی تێک شکاند و لە هەمان کاتیشدا لە شاری “کابولی”ـیش بە هەمان شێوە خەڵکی ئەو شارە هێرشیان کردووەتە سەر باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی.
شایانی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا کەسێکی خەڵکی ئەفغانستان هێرشی کردە سەر سێ ئاخوند و دووانیانی کوشت و کەسانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە تۆڵەی ئەو سێ ئاخۆندە دەستیان دایە کوشتن و ئەشکەنجەدانی پەنابەرانی ئەفغانستان لە وڵاتی ئێران.