کۆنفرانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.
کۆنفرانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید بە بەشداریی بەرێز سکرتێری گشتیی حیزب و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب، رۆژی شەممە ٩ی ئاوریلی ٢٠٢٢ ی زایینی بەڕێوە چوو.
کۆنفرانس بە سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی حیزب و گەل و لەژێر ناوی “یەکریزی و پەیمانی وەفاداری بە ڕێبازی شەهیدان” دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
لە بڕگەی یەکەمی کارەکانی کۆنفرانسدا، بەرێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پێشکەشکردنی وتارێکی سیاسی تیشکی خستە سەر هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵوێستی فەرمیی حیزب لە پێوەندی لەگەڵ ئوپۆزسیۆنی کوردی و ئێرانی، کاری دیپلۆماسی لە دنیای دەرەوە، دوایین ئاڵوگۆڕەکان و پرسی وەسەریەک کەوتنەوەی بنەماڵەی گەوەرەی دێموکراتەکان.
سکرتێری گشتیی حیزب لە وتەکانیدا جەختی لەسەر سیاسەتی دروستی حیزب دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ دوایین پێشهاتە سیاسییەکان کردەوە و ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەپێی واقیعبینی خۆی دەڕوانێتە گۆڕانکارییەکان و لە پێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی جووڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەت و بەرنامەکانی خۆی دادەڕێژێ.
لە برگەیەکی دیکەی کاری کۆنفرانسدا بەڕێز حەمەڕەسووڵ کەریمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات، لەسەر پرسە تەشکیلاتییەکان و ڕاسپاردە و بڕیارەکانی حیزب و کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و هەروەها ماف و ئەرکی ئەندام چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
دواتر، پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بۆ کۆنفرانسی گشتیی وڵاتی سوید لەلایەن خاتوو لەتیفە جەباری بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید خوێندرایەوە و هەروەها بەڕێز محەممەد ئیسماعیلی چەند وتەیەکی سەبارەت بە کارەکانی کۆنفرانس و ئەرکی کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە پەێڕەوی نێوخۆی حیزب باس کرد.
پاشان، ڕاپۆرتی کار و چالاکی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوید (لەنێوان دوو کۆنفرانس) لەلایەن خاتوو کوێستان بابایی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سوید و ڕاپۆرتی بەشی ماڵی لەلایەن بەڕێز نەبەز عەلیدووست پێشکەش کران.
لە بەشێکی دیکەی کارەکانی کۆنفرانسدا، بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی بەشدار ڕا و و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە باسە سیاسییەکان وڕاپۆرتی کومیتەی سوید دەربڕی کە دواتر لەلایەن سکرتێری گشتیی حیزب و بەرپرسانی حیزبەوە وڵام درانەوە.
لە بەشێکی دیکەی کارەکانی کۆنفرانسدا، خاتوو کوێستان بابایی، بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوید بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی سوید بە پێشکەشکردنی کتێبی “قاسملوو لە ئاوێنەی بیروڕادا” ڕێزی لە هەوڵ و تێکۆشانی ئەندامانی کومیتەی سوید و هەر دوو ڕیکخراوەکانی ژنان و لاوان گرت. هەروەها، بۆ رێزگرتن لە بەدەنگەوەهاتنی ئەندامان لە کارو چالاکییەکانی نێوان دوو کۆنفرانسدا، وێنەی ڕێبەرانی شەهید پێشکەش بە تێکرای ئەندامانی بەشدار لە کۆنفرانس کرا.
بڕگەی کۆتایی کارەکانی کۆنفرانس بریتی بوو لە هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوبەریی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوید و دوای ١١ کاتژمێر کاری بەردەوام، کۆنفرانسەکە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.