دوای حه‌وتوویه‌ک مانگرتن له خواردنی ڕه‌مه‌زان ئه‌حمه‌د که‌ماڵ، زیندانیی سیاسیی کوردی خه‌ڵکی ڕۆژاوای کوردستان باروودۆخی سڵامه‌تیی که‌وتۆته مه‌ترسییه‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤ له ئێران دوای تێکچوونی باری سڵامه‌تیی ڕه‌مه‌زان ئه‌حمه‌د، کاربه‌ده‌ستانی زیندان بێ گویدانه داواکه‌ی به زه‌بری زۆر و به‌ستنه‌وه‌ی ده‌ستی به که‌له‌بچه سۆرۆمیان لێ‌داوه.
ناوبراو که له به‌ندی ١٢ ی زیندانی ڕه‌جایی‌شاری که‌ره‌ج‌دا زیندانی کراوه، بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به پێڕانه‌گه‌یشتنی پزیشکی‌و پشتگوێ‌خرانی ماوه‌ی حه‌وتوویه‌که مانی له خواردن گرتوه‌و به‌هۆی نه‌خۆشیی پێشووتریشی باری سڵامه‌تیی له مه‌ترسی دایه.
ڕه‌مه‌زان ئه‌حمه‌د كه‌ماڵ، ساڵی ٨٧ له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تی‌یه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. ناوبراو له كاتی ده‌ستبه‌سه‌ر كرانی‌دا به‌هۆی بەرکەوتنی ٥ گولله بە توندی بریندار ببوو، ئەوەش وایکرد کە ئێستاش سڵامەتیی خۆی وەدەست نەهێنێتەوە. به‌پێی زانیارییه‌کان ئه‌م فیشه‌کانه پاش ٧ ساڵ هێشتا له له‌شی ده‌رنه‌هێنراوه‌و چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ماسولكه‌كانی ده‌ستی لاواز بێ‌و برینه‌كانی چڵكی زۆریان كردوه.
ئه‌و که خه‌ڵكی شاری كۆبانێ له ڕۆژاوای كوردستانه، له لایه‌ن ده‌زگای قه‌زایی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه حوكمی ١٠ ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه، ناوبراو له‌م ماوه‌یه‌دا له زیندانه‌كانی مه‌هاباد، قه‌زوین، ئێڤین‌و ڕه‌جایی شاردا به‌ند كراوه.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیش سه‌ره‌تای مانگی ڕێبه‌ندانی ساڵی ڕابردوو له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند كه ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه پێویستیی به نه‌شته‌رگه‌ریی خێرا هه‌یه‌و داوای كردبوو به خێرایی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان بنێردرێ، به‌ڵام ئه‌و داوایه‌ش بێ وڵام مایه‌وه.