وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وێڕای ڕەخنەگرتنی لە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆکان، داوای لە جۆ بایدێن کرد کە بۆ سەلماندنی متمانە، لانیکەم گەمارۆیەک لەسەر تاران کەم بکاتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕیژیمی ئێران وتی: دەوڵەتی جۆ بایدێن باسی بووژانەوەی بەرجام دەکا و کۆمەڵێک مەرجیشی هەیە، ئێمەش داوا لە ئەمریکا دەکەین بۆ ئەوەی متمانەی پێ بکەین با یەکێک لە گەمارۆکان کەم بکاتەوە، ئەو کات ئێمەش لەسەر بەڵینەکانمان پێبەند دەبین، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ٢٥٠ نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە نامەیەکدا داوایان لە ئاخوند ڕەئیسی کردووە کە دەبێ لەسەر ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئەمریکا ڕاستییەکان ڕوون بکەنەوە.
بەرپرسێکی پلەبەرزی کۆشکی سپی، لە وڵامی قسەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وتی: ڕێژیمی ئێران بە هیچ شێوەیەک جێی متمانە نییە و نابێ دەوڵەتی بایدێن هیچ کات متمانە بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بکا، لەبەر ئەوەی مێژووی ئەو ڕێژیمە سەلمێنەری ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک جێگای متمانە نییە و دەسەڵاتدارانی تاران تەنیا دەیانهەوێ گەمارۆیان لەسەر کەم بکرێتەوە و لە ناوچەکەدا پەرە بە تێرۆریزم بدەن و کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام بدەن.