یاریزانێکی تیمی فووتساڵی ژنانی ئێران بە ناوی “مەهسا کەماڵی” بەهۆی ئەوەیکە دژایەتی خۆی لەهەمبەر شەڕی ئۆکراین ڕاگەیاند، لە لیستی تیمی فووتساڵی ژنانی ئێران دەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی “ئیرنا” ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی ڕێکخستنی فیدراسیۆنی فووتساڵی ژنانی ئێران، بڕیاری دا کە مەهسا کەماڵی یاریزانی تیمی “مس”ـی ڕەفسەنجان بەهۆی ئەوەیکە لە یارییەکدا بە نیشاندانی نووسراوی سەر کراسەکەی کە نووسرابوو “شەڕ ڕاگرن”، دژایەتیی خۆی لەهەمبەر هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین دەربڕیبوو، لەلایەن تیمەکەی خۆیەوە ڕاپۆرتی دراوە بە تیمی فووتساڵی ئێران و پاش لێپرسینەوە لە ناوبرا، بڕیاری دەرکردنی دراوە.
مەسا کەماڵی لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی لەوەیکە لە لیستی تیمی فووتساڵی ژنانی ئێران دەرکراوە، وتی: کاتێک کادری فەننی منیان بانگ کرد بۆ تیمی فووتساڵی ژنانی ئێران لە باری دەروونییەوە تێک چووم، بەهیج شێوەیەک چاوەروانیم نەدەکرد شتێکی وا ڕووبدا و ئەو بابەتە کارادانەوەی خراپی بەرپرسانی لێ بکەوێتەوە، لەبەر ئەوەی من شتێکی سەیرم نەکردبوو، تەنیا داوای ئاشتیم کردبوو، بەڵام بۆم دەرکەوت کە بەڕاستی بەرپرسانی بواری وەرزشیی ئێران لەلایەن کەسانی ترەوە ئاراستە دەکرێن و دەبی هەموو کەسێک لەژێر ڕکێفی ویستەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بێ.