مۆرە و بەکرێگیراوانی ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی جارێکی تر هێرشیان کردە سەر دارستانەکانی مەریوان و زیانێکی زۆریان بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.
بەپێی هەواڵی لاپەڕەی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، مۆرە و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە شاری مەریوان، جارێکی تر هێرشیان کردووەتە سەر دارستانەکانی “بەهەشت مستەفا” لە ناوچەی کۆماسی و دارەکانی ئەو ناوچەیەیان بڕیوەتەوە و زیانێکی زۆریان بە دارستان و ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.
جێی ئاماژەیە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەی سیستەماتیک و پلانداڕێژراو و لە ڕێگەی مۆرە و بەکرێگیراوانی خۆیەوە و بە مەبەستی تێکدان و شێواندنی ئێکۆسیستەمی ناوچەکانی کوردستان هێرشی کردووەتە سەر دارستانەکان و ژینگەی کوردستان و نووکی ئەم هێرشانەش لەسەر سروشتی مەریوانە.