دوومینیک برۆناچیۆنی، یەکیک لە شارەزایانی پرسی کورد هۆشداری دەدات کە کولتوور، زمان و شوناسی نەتەوەیی و کوردستانیبوونی شاری “عەفرین”ـی ڕۆژئاوای کوردستان، بەهۆی سیاسەتەکانی تورکیەوە مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە.
دوومینیک برۆناچیۆنی، شارەزای پرسی کورد لە وتارێکی تێروتەسەلدا، لێکەوتەکانی هێرشی تورکیەی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەتی هەرێمی عەفرین تاوتوێ کردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە پاش تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفریندا، ئەم شارە خەریکە ڕواڵەتە کوردستانییەکەی لەدەست دەدات.
ئەم شرۆڤەکارەی پرسی کورد لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی ڕێکخراوی کوردیی واشینگتۆن بڵاو بووەتەوە بڕوای وایە ئەگەر ئێستا ئاوارە کوردەکانی عەفرین بگەڕێنەوە بۆ زێدەکەی خۆیان، ئەوا ڕەنگە نەیناسنەوە چوونکە پاش داگیرکردنی لەلایەن تورکیەوە گۆڕانکاری زۆر لەم شارەدا ڕوویداوە.
برۆناچیۆنی، دەڵێت ئاوارەکان لە ناوچەکانی دیکەی سووریەوە لەم شارەدا نیشتەجێ کراون و بۆ هەر کەس کە تورکیە بیەوێت شارێکی ئارامە جگە لە کوردەکان.
ناوبراو دەڵێت بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە ئێستا زیاتر تەرکیز لەسەر ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان کراوە ئاوڕی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەسەر عەفرین کەم بووەتەوە و ئەمەش لە زیانی کوردەکانە.