لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ڕێژیمی ئاخوندی، ڕۆژی ڕابردوو ١٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە ناوخۆیییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خاکەلێوە ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ڕێژیمی ئاخوندی، ١٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی (تامین اجتماعی) لە بەرامبەر مەجلیسی رێژیم و هەروەها لە شارەکانی کرماشان، کەرەج، قەزوین، ، خوڕەماوا، تەورێز، ئەراک، ئیسفەهان، کرمان، ڕەشت و ئەهواز لەبەردەم بینای ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی هەرکام لەو شارانە بەڕێوە چوو.
لە لایەکی دیکەوە کرێکارانی ناڕازیی کارگەی تایەی “کیان تایر” لە بەرامبەر بینای سەرۆککۆماریی لە شاری تاران و گرووپێک لە ماڵدزراوانی دراوە ئێلێکترۆنییەکانی کۆمپانیای “کینگ مانی” سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، لەبەردەم بینای ئەم کۆمپانیایەی سپا کۆبوونەوەیەکی بەرینیان پێک هێنا.