دوو کچی مێرمنداڵی خەڵکی شاری مەهاباد کە حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر ئازاد کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کچی مێرمنداڵی خەڵکی گوندی “کۆسە کەرێز”ی شاری مەهاباد بە ناوەکانی “پەریسا سپاهی” تەمەن ١٧ ساڵ و “کەویار ئەلیاسی” تەمەن ١٨، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم ئازاد کراون و پاش ئازادبوونیشیان دووجار بانگ کراونەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دیسان لێپرسینەوەیان لێ کراوە.
ئەم دوو کچە مێرمنداڵە لە کاتی دەسبەسەرکران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە سەختی ئەشکەنجە کراون و لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە بە هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی تۆمەتبار کراون.
شایانی باسە کە ئەم دوو مێرمنداڵە ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “عیرفان زولفینیا” ١٨ ساڵە و خەڵکی سەقز، “یووسف حەشرەتی” ٢٢ ساڵە و “مەنسوور کانیڕەشی” ٣٢ ساڵە و خەڵکی پیرانشار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار دەسبەسەر کرابوون.