سێناتۆرە کۆماریخوازەکانی ئەمریکا، لە نامەیەکدا ڕوو بە جۆ بایدێن ڕایانگەیاند کە، دانوستانەکانی بەرجام ڕێگەیەکە بۆ دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی و پێویستە تواناییەکانی سەربازی و بەرگریی بۆ ڕووبەڕوونەوەی کۆماری ئیسلامی بخرێتە بەردەستی ئیسرائیل.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، ژمارەیەک لە سێناتۆرە کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئەمریکا، نامەیەکیان بۆ جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا نارد و داوایان لێ کرد کە پێویستە سیستەمی بەرگری و پێداویستییەکانی بەرگری بخرێتە بەردەستی ئیسرائیل بۆ ئەوەی بتوانێ بە توندی رووبەڕووی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببێتەوە و دانوستەکانی بەرجام نیشانەی ئەوەیە کە تاران بە ئاسانی دەتوانێ دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا، بۆیە پیویستە زۆرتر گرینگی بە هێزی سەربازیی ئیسرائیل بدرێ.
لەو نامەیەدا کە بۆ بایدێن نووسراوە، داوای لێ کراوە و کە کۆتایی بە دانوستانەکانی بووژانەوەی بەرجام بهێنێ و ئەو وتووێژانە وا دەکەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرفەتی هەبێ و ڕێگەی بۆ خۆش بێ کە دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا، بۆیە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ تاران لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا نییە و ئەوەی لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە ئەوەیە کە دەوڵەتی ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە ئەرتەشی ئیسرائیل بەهێزتر بکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و ئەگەر ئیسرائیل بە شێوەیەکی تۆکمە لە ڕووی سەربازییەوە بەهیز بکرێ، ڕێژیمی ئێرانی ناتوانی با ئاسانی دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.